Home   ı   About   ı   Contact 

 

خوێنەری هێژا، سڵاو

لە کۆڕێکدا کە لە لایەن ئەنجومەنی کۆمەڵە کوردیەکان لە شاری یوتوبۆری، سوید، لە رۆژی ١٦ی مارسی ٢٠١٣ رێکخرابوو، بۆ یەکەم جار ئاماژەم بە نامەیەکی خۆمدا کە ٢٦ ساڵ بەر لە ئێستا ناردومە بۆ وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی سوید (ستێن ئەندرسۆن) و لە هەمان کاتدا کۆپیەکی نامەکەش ئاراستەی سەرەکوەزیرانی ئەو کاتەی سوید (ئینگڤەر کارلسۆن) کراوە.

هۆی ئاماژەدانەکە لە کۆڕەکەدا بەو نامەیە ئەوەبوو کە نامەکە پەیوەندی راستەوخۆی بە بابەتی هەڵەبجە و ئەنفالەوە هەیە هەرچەندە ئەو نامەیە لە مانگی ئابی ١٩٨٧ نواسراوە، واتە بەر لە رودانی هەڵمەتی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە.

بە هۆی خواستی بەشێک لە ئامادەبوانی کۆڕەکە بۆ بینینی نامەکە و بە مەبەستی گەیاندنی زانیاریەک بە خوێنەران، لێرەدا بۆ یەکەم جار نامەکە و پاشکۆکەی بڵاو دەکەینەوە.

 

نامەکە بۆ؟

لە بەرواری ٢٠/٧/١٩٨٧ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاری ٥٩٨ی تایبەت بە شەڕی عیراق و ئێران دەرکرد، بە مەبەستی راگرتنی شەڕەکە. ئەم بڕیارە یەکسەر ترسێکی گەورەی لای من دروست کرد؛ ترسەکەش ئەوەبوو کە بە ئەگەری زۆر لەگەڵ تەواو بوونی جەنگی عیراق و ئێران کورد بەروڕووی هەڕەشەیەکی جددی دەبێتەوە کە وەک لە نامەکەدا هاتووە لەوەدەچێ   بگاتە رادەی دەستبردنی رژێمی عیراق بۆ کۆمەڵکوژیش بەرامبەر بە کورد. لە راستیدا لە بەشی پڕۆژەکە، کە پاشکۆی نامەکەیە، هەتا بگرە باس لەوەش دەکەم کە ئەگەری روودانی کاریسەیەک بە رادەی کۆمەڵکوژی لە جۆری ئەوەی بەسەر ئەرمەن هاتووە بەسەر کوردیش بێت. . .   

 

ناوەڕۆکی نامەکە؟

نامەکە لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشی یەکەم خودی نامەکەیە وە بەشی دووەمیشی پڕۆژەیەکی پێشنیارکراوە بە مەبەستی دانانی میکانیزمێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بۆ پاراستنی کورد لە ئەگەری دەست درێژیەکی سەربازی بۆ سەر کوردستان.

لە خودی نامەکەدا پێشبینی ئەوەم کردوە کە لە گەڵ راوەستانی شەڕی عیراق و ئێران، کورد دووچاری (ئۆپەراسیۆنێکی تۆڵەسەندندنەوە) دەبێتەوە. لەبەر ئەم ئەگەرەش داوام لە وەزیری دەرەوەی سوید کردوە کە سوید بە رۆلی وروژێنەری ئەم بابەتە هەڵبستێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان  بۆ ئەوەی ئەو رێکخراوە شان بەشانی راگرتنی شەڕەکە، میکانیزمێکیش دابنێ بۆ پاراستنی کورد لە ئەگەری روودانی (ئۆپەراسیۆنێکی تۆڵەسەندنەوە) و چاودێری حاڵەتی مافی مرڤ لە ناوچە کوردنشینەکان بکات.

پاشکۆی (یا راستتر پاشکۆ)ی نامەکە پێک هاتووە لە پڕۆژەیەکی دوو لاپەڕەیی کە تیایدا پێشنیاری کارکردن بۆ دامەزرانی ناوچەیەکی "پاراستنی ئاشتی،" بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە کورد تیایدا دەژین و ئەگەری بەرەوڕووبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە بوونیان لێدەکرێ.  

جێگەی ئاماژەیە کە لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە وەڵامی ئەم نامەیەم لە لایەن وەزیری دەرەوەی سویدەوە وەگرتەوە کە تیادیدا بە گرنگیەوە تێڕامانی بۆ بابەتەکە کردوە بەڵام، وەک خۆی گوتوویەتی، لەبەر ئەوەی رایەکی گشتی نێودەوڵەتی پشتگیر بە کورد بەدیناکرێ، سوید ناتوانێ هەنگاوێکی ئەوها بهاوێژێ. بەو هیوایەی لە دەرفەتێکی تردا ئەو وەڵامەش بڵاوبکەینەوە. فەرموو لێرەدا کلیك بکە بۆ بینینی نامە و پاشکۆکە و لێرەشدا کلیك بکە بۆ بینینی وەرگێڕدراوی نامە و پاشکۆکە بۆ سەر زمانی کوردی.

 

بورهان ا. یاسین

لوند، سوید، ١٩/٣/٢٠١٣

burhanyassin@hotmail.com